فه‌یسبوك هه‌وڵی‌ خۆپیشاندانێكی‌ نوێی‌ 17 شوبات ده‌دات

فه‌یسبوك هه‌وڵی‌ خۆپیشاندانێكی‌ نوێی‌ 17 شوبات ده‌دات

http://www.niqash.org/articles/?id=2996&lang=ku

‌نیقاش | زانكۆ ئه‌حمه‌د | سلێمانی | 16.02.2012

چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌م ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ساڵێك به‌سه‌ر كۆژرانی‌ رێژوان تێپه‌ڕێت، ئه‌و كوڕه‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵه‌ی‌ فیشه‌كێك له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ پاره‌ سه‌ری‌ بڕی‌‌و ده‌ستبه‌جێ‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا.

ساڵێك پێش ئێستاو به‌دیاریكراوی‌ له‌ 17ی‌ شوبات (فێبرایه‌ر)، رێژوان‌و سه‌دان گه‌نجی‌ تری‌ شاری‌ سلێمانی‌ وه‌ك ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕینێك به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ دیوی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بۆ پشتگیری‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ تونس‌و میسر بوو، به‌ڵام پاش چه‌ند سه‌عاتێك رێڕه‌وی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌به‌رده‌ركی‌ سه‌رای‌ سلێمانییه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ به‌رده‌م لقی‌ چواری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌و شاره‌‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ویشدا داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران گۆڕدرا بۆ رووخانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌.

ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ رق‌و توڕه‌یی‌ خۆیان به‌ به‌ردبارانكردنی‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ به‌تاڵ‌ كرده‌وه‌و له‌و لقه‌وه‌ به‌فیشه‌ك وه‌ڵامدرانه‌وه‌، یه‌كه‌م ده‌سترێژی‌ گولله‌ رێژوانی‌ كوشتوو ده‌یان گه‌نجی‌ تری‌ بریندار.

ئێستاش له‌گه‌ڵ‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ یادی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردوو، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ شه‌قام هیچ جۆره‌ جموجۆڵێكی‌ جدی‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ناره‌زاییه‌كان به‌دی‌ ناكرێت، به‌ڵام پێده‌چێت تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك كۆڵی‌ نه‌دابێت‌و بیه‌وێت له‌وێوه‌ سه‌رله‌نوێ‌ “شۆڕشی‌ گه‌نجان” له‌هه‌مان رۆژدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

په‌یجی‌ 17 شوبات كه‌ به‌ربڵاوترین پێگه‌ی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووكه‌‌و تایبه‌ته‌ به‌ناڕه‌زاییه‌كان، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له‌ 43 هه‌زار كه‌س لایكیان كردووه‌، ئه‌م په‌یجه‌ به‌پێی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌و كۆمێنتانه‌ی‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌، زه‌مینه‌ سازی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ “خۆپیشاندانێكی‌ سه‌رتاسه‌ری‌” ده‌كات.

به‌رێوه‌به‌رانی‌ ئه‌و په‌یجه‌ كه‌ ناوو شوێنیان نه‌زانراوه‌، داوا له‌هاوڵاتیانی‌ هه‌موو هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن له‌”مه‌یدانه‌كانی‌ ئازادی‌” له‌شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌رۆژی‌ حه‌ڤده‌ی‌ شوبات (فێبرایه‌ر) له‌یه‌ك كاتی‌ دیاریكراودا خۆپیشاندانی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ ده‌ست پێبكه‌ن.

هه‌روه‌ك چۆن داوای‌ له‌خۆپیشانده‌ران كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر رێگه‌ی‌ خۆپیشاندانیان لێگیرا، ئه‌وا هه‌موویان به‌رگی‌ ره‌ش بپۆشن‌و په‌ڕۆیه‌كی‌ سوور بكه‌ن به‌مه‌چه‌كیانه‌وه‌، بۆ یادكردنه‌وه‌ی‌ كوژراوو برینداره‌كانی‌ ساڵی‌ رابردوو.

په‌یجی‌ 17ی‌ شوبات، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ “ده‌سه‌ڵات هیچ شەرعیەتێکی نەماوە‌و بەزەبری هێز خۆی سەپاندوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا”، ده‌ڵێت “كێ له‌ ئێمه‌ بریاری داوه‌ ؟ كێ ئاماده‌ ده‌بێت ؟ كێ ئاماده‌ نابێت ؟خۆپیشاندان مافێكی سه‌ره‌تایی هاووڵاتییانه‌، به‌ڵام له‌ ووڵاتی نادیموكراتیدا تاوانه‌، كه‌ی ئێمه‌ توانیمان خۆپیشاندان له‌ تاوانه‌وه‌ بگۆرین بۆ كارێكی رۆتین‌و ئاسایی، ئه‌و كاته‌ ده‌توانین بڵێین چه‌ند هه‌نگاوێكی باش چوینه‌ته‌ پێشه‌وه”.

له‌وه‌ڵامیشدا گه‌نجێك به‌ناوی‌ هێمن جه‌بار له‌نێوان ده‌یان كۆمێنتكه‌ری‌ تر،‌ ده‌نوسێت “كه‌ی‌ بڕۆین؟ ئه‌مجاره‌ یان ئه‌كوژرێم، یان ئازادی‌ به‌ده‌ستده‌هێنم”.

له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوبانی‌ رابردو كه‌ دوو مانگی‌ رێكی‌ خایاند كاتێك “به‌زه‌بری‌ هێزی‌ ده‌سه‌ڵات” له‌16ی‌ نیسان كۆتایی‌ پێهات، 10 هاوڵاتی‌ كوژران‌و سه‌دانی‌ تریش بریندار بون.

له‌پاڵ‌ ئه‌م په‌یجه‌دا ده‌یان په‌یجی‌ تری‌ گروپ‌و تاكه‌ كه‌س كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ جۆش‌و خرۆشی‌ جه‌ماوه‌ر ده‌ده‌ن بۆ سازدانه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندان. له‌یه‌كێك له‌و په‌یجانه‌ به‌ناوی‌ “خۆپیشانده‌رانی‌ خۆڕسك” نوسراوه‌ “ئه‌مڕۆ له‌فه‌یسبووك، سبه‌ینێ‌ له‌مه‌یدانه‌كانی‌ ئازادی‌”، هه‌ر له‌و په‌یجه‌وه‌ داوا له‌هه‌رسێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن (بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) كراوه‌ به‌روونی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆیان ده‌رببڕن‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ خۆپیشاندان.

ئه‌م داوایه‌ هێشتا له‌سێ‌ لایه‌نه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ هیچ وه‌ڵامێكی‌ راست‌و ره‌وانی‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ چه‌ند هێمایه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ پێشووی‌ خۆیان، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕونی‌ بانگهێشتی‌ خۆپیشاندان بكه‌ن.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك رایگه‌یاند هێشتا سوورن له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ حه‌وت خاڵیه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ پاریان‌و پێیان وایه‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ته‌نها له‌و رێگه‌ چاره‌یه‌وه‌ ده‌بێت.

ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ كه‌ به‌به‌یاننامه‌ی‌ “حه‌وت خاڵی‌” ناسراوه‌، له‌ 29ی‌ كانوونی‌ دووه‌م (یه‌نایه‌ر)ی‌ ساڵی‌ رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌و ئه‌و كات بووه‌ مایه‌ی‌ شڵه‌قانی‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ندێ‌ له‌چاودێرانیش پێیان وایه‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ناڕه‌زاییه‌كان بوو.

له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا گۆڕان داوای‌ كردبوو حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و زه‌مینه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ “بێ‌ ته‌زویر” ساز بكرێت، هه‌روه‌ها ده‌ستوری‌ هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، هه‌ر ئه‌مه‌ش دواتر بووه‌ داواكاری‌ سه‌ره‌كی‌ خۆپیشانده‌ران.

هه‌ڵوێسته‌كانی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆیان نه‌بوو، له‌وه‌ی‌ گۆڕان، ئه‌وانیش له‌لای‌ خۆیانه‌وه‌ دوور له‌هه‌ر ده‌ربڕینێكی‌ روون، مه‌ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زاییان خسته‌ به‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵات.

سه‌لاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هادین ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان رۆژی‌ 6ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌یادی‌ دامه‌زراندنی‌ حیزبه‌كه‌یدا وتی‌ “سه‌بری‌ میلله‌ت سنوری‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات میلله‌ت ئاشت نه‌كاته‌وه‌و چاكسازی‌ نه‌كات، ئه‌وا گه‌ل ره‌حمیان پێناكات”.

مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ “توندتر”و به‌رفراوانتر، ئه‌و ئه‌گه‌ره‌یه‌ كه‌ چاودێران‌و چالاكوانانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌دووری‌ نازانن.

دلێر عه‌بدولخالق سه‌رۆكی‌ گروپی‌ زانكۆ، ته‌مه‌ننای‌ ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌په‌یامی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردوو تێگه‌یشتبن‌و چاكسازی‌ بكه‌ن، وه‌ك چۆن پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر جارێكی‌ تر خۆپیشاندان سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌ له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كاندا كراوه‌یه‌.

له‌م رووه‌وه‌ دلێر به‌”نیقاش”ی‌ راگه‌یاند “له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیوام وایه‌ هیچ كاتێك خۆپیشانده‌ران له‌ناڕه‌زایی‌ مه‌ده‌نیانه‌ لانه‌ده‌ن، به‌ڵام كه‌س نازانێ‌ ئه‌مساڵ‌ یان له‌هه‌ر كات‌و سه‌رده‌مێكی‌ تردا، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌كان به‌ چ جۆرێك ده‌بن”.

گروپی‌ زانكۆ، یه‌كێك بوو له‌چالاكترین گروپه‌كانی‌ فشار كه‌ له‌زانكۆی‌ سلێمانیه‌وه‌ دروستكرابوو، ئه‌و گروپه‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ زانكۆ چالاكی‌ جۆربه‌جۆریان ئه‌نجام ده‌دا.

دلێر له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌ستی‌ نه‌كردووه‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌كی‌ دیاریكراو بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندان هه‌بێت، به‌ڵام به‌دووری‌ نازانێت له‌هه‌ر باروزروفێكدا ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵك سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ “مادام هه‌مان داواكارییه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردووی‌ خه‌ڵك ماونه‌ته‌وه‌و له‌هه‌رێمدا چاكسازی‌ نه‌كراوه‌و ته‌نانه‌ت ته‌قه‌كه‌ره‌كانیش ده‌ستگیر نه‌كراون، بۆیه‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌هه‌ر كاتێكدا به‌دوور نازانرێت”.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست “نیقاش” كه‌وتوون، له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كاندا، ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ ئاماده‌كارییه‌كی‌ “رانه‌گه‌یه‌ندراو”یان بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی‌ دروستبوونی‌ خۆپیشاندان گرتووه‌ته‌ به‌ر.

هه‌فته‌ی‌ رابردووش محه‌مه‌د خۆشناو سكرتێری‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران به‌ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنی‌ راگه‌یاندبوو حكومه‌ت رێگه‌ی‌ دروستبوونی‌ هیچ خۆپیشاندانێكی‌ بێ‌ مۆڵه‌ت نادات‌و له‌و حاڵه‌ته‌دا “رێوشوێنی‌ توند ده‌گرنه‌ به‌ر”.

ره‌نگه‌ ئه‌و رێوشوێنه‌ی‌ سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران باسی‌ ده‌كات هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ساڵی‌ پار بۆ كۆتایی‌ هێنان بۆ خۆپیشاندانه‌كان گیرانه‌ به‌ر، كاتێك هه‌زاران هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و ئاسایش رژانه‌ ناو شاری‌ سلێمانی‌‌و به‌زه‌بری‌ گرتن‌و لێدان بڵاوه‌یان به‌خۆپیشانده‌رانی‌ ئه‌و شاره‌ كرد.

هه‌ر بۆیه‌ به‌شدارانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ پار پێشبینی‌ ده‌كه‌ن به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌زموونی‌ ساڵی‌ رابردوو، ئه‌مساڵ‌ چالاكی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ سه‌ر هه‌ڵنه‌داته‌وه‌‌و ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌بێ‌ ده‌نگی‌‌و له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی‌ ئینته‌رنێت به‌ده‌نگی‌ به‌رز بكرێنه‌وه‌.

له‌م رووه‌وه‌ ئیسماعیل عه‌بدوڵا یه‌كێك له‌به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوو كه‌ به‌”بێژه‌ره‌كه‌ی‌ سه‌را” ناسراوه‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی‌ “زه‌برو توندو تیژی‌ ده‌سه‌ڵات” ئه‌مساڵ‌ فه‌یسبووك شوێنی‌ سه‌رای‌ سلێمانی‌ بگرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ له‌هیچ كاتێكدا به‌دوور نازانێ‌.

له‌م رووه‌وه‌ ئیسماعیل ده‌ڵێ‌ “وه‌ك چۆن خۆپیشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆرسكانه‌وه‌ بێ ئاماده‌كاری‌ پێش وه‌خت ئه‌نجام دران، ئه‌مساڵیش كه‌س نازانێت گه‌نجانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاری‌ چی‌ ده‌ده‌ن”.

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s